17/12/2017 داتا

هێشتا ئێران بڕیارى کردنەوەى دەروازەی حاجی ئۆمەران و پەروێزخانى نەداوە

سەرپەرشتیاری دەروازەی حاجی ئۆمەران و بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەی پەروێزخان رایدەگەیەنن؛ تا ئێستا هیچ بڕیارێكیان بۆ كردنەوەی دەروازەكان لەلایەن ئێرانەوە پێنەگەیشتوە.

مەسعود ئەحمەد، سەرپەرشتیاری دەروازەی حاجی ئۆمەران بە (تۆڕى میدیاى گۆڕان)ى راگەیاند: ئەگەرچی بەرپرسانی ئێرانی باسیان لە كردنەوەی دەروازەی حاجی ئۆمەران كردوە، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێكمان بۆ كردنەوەی دەروازەكە بەدەستنەگەیشتوە.

وتیشی: “بەهۆی ریفراندۆمەكەی هەرێمەوە دو مانگ و دو رۆژە كۆماری ئیسلامی ئێران دەروازەكەی بە روی هەرێمی كوردستاندا داخستوە”.

هاوكات، ئارام سایە خان، بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەی پەروێزخان بە دەڵێت:”لەگەڵ بەرپرسانی دەرزوازەی پەروێزخان لە دیوی ئێران قسەمانكردوە و پێیان راگەیاندوین چاوەروانی نوسراوی بەڕێوەبەری بەشی گومرگی ئێرانن بۆ كردنەوەی دەروازەكە”.

وتیشی:”بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ كردنەوەی دەروازەكە نەگەیشتوە”.

داتا